یەکەم ساموئێل 4
Kurdi Sorani Standard
4 پەیامی ساموئێل بە هەموو ئیسرائیل گەیشت.[a]
فەلەستییەکان سندوقی خودا دەبەن
ئیسرائیلیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان بۆ شەڕ چوونە دەرەوە و لەلای بەردی یارمەتی ئۆردوگایان دامەزراند، فەلەستییەکانیش لەلای ئەفێق. 2 ئینجا فەلەستییەکان بەرەیان بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و شەڕ هەڵگیرسا، ئیسرائیل لە ڕووی فەلەستییەکان بەزین و ئەوانیش لە بەرەی جەنگەکەدا، نزیکەی لە چوار هەزار پیاویان دا. 3 ئینجا سەربازەکان گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە و پیرانی ئیسرائیل پرسییان: «بۆچی یەزدان ئەمڕۆ ئێمەی بەرامبەر بە فەلەستییەکان بەزاند؟ با سندوقی پەیمانی یەزدان لە شیلۆوە بهێنین بۆ ئێرە، با بێتە نێومانەوە و لە دەست دوژمنەکانمان ڕزگارمان بکات.»
4 جا گەل ناردیان بۆ شیلۆ و لەوێوە سندوقی پەیمانیان هەڵگرت، کە هی یەزدانی سوپاسالارە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان[b] لەسەر تەخت دانیشتووە[c]. دوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس لەوێ لەگەڵ سندوقی پەیمانی خودا بوون.
5 ئەوە بوو لە کاتی چوونە ناوەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان بۆ ناو ئۆردوگاکە، هەموو ئیسرائیل بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد کە زەوی لەرزاند. 6 فەلەستییەکانیش گوێیان لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتیان: «دەنگی ئەم هاوارە بەرزە چی بوو لەناو ئۆردوگای عیبرانییەکان؟»
جا کە زانییان سندوقی یەزدان هاتووەتە ناو ئۆردوگاکە، 7 فەلەستییەکان ترسان، چونکە گوتیان: «خوداوەندێک هاتووەتە ناو ئۆردوگاکەوە!» هەروەها گوتیان: «قوڕمان بەسەر! چونکە هەرگیز پێشتر شتی وا نەبووە. 8 قوڕمان بەسەر! کێ لە دەست ئەو خوداوەندە توانادارانە فریامان دەکەوێت؟ ئەوانە ئەو خوداوەندانەن کە لە چۆڵەوانیدا گەلی میسریان تووشی هەموو جۆرە دەردێک کرد. 9 فەلەستییەکان بەهێزبن و پیاوبن! ئەگینا دەبنە کۆیلەی عیبرانییەکان، وەک چۆن ئەوان کۆیلەی ئێوە بوون. جا پیاوبن و بجەنگن!»
10 ئیتر فەلەستییەکان جەنگان و ئیسرائیل بەزی و هەریەکە و بەرەو چادرەکەی هەڵات و کوشتارەکە زۆر گەورە بوو، سی هەزار سەربازی پیادە لە ئیسرائیل کوژران. 11 سندوقی خودا دەستی بەسەردا گیرا و هەردوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس کوژران.
مردنی عێلی
12 پیاوێکی بنیامینیش لە بەرەی جەنگەوە ڕایکرد و هەر لەو ڕۆژەدا هاتە شیلۆ، جلەکانی دڕابوون و سەری تۆزاوی بوو. 13 هات و بینی وا عێلی لەسەر کورسییەک لە قەراغ ڕێگاکە دانیشتووە و چاوەڕێیەتی، چونکە دڵی بۆ سندوقی خودا لە مەراقدا بوو. کاتێک پیاوەکە هاتە ناو شارۆچکەکە و هەواڵەکەی ڕاگەیاند، هەموو شارۆچکەکە هاواریان لێ بەرزبووەوە.
14 عێلیش گوێی لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتی: «دەنگی ئەو هاتوهاوارە چییە؟»
ئینجا پیاوەکە بە پەلە هات و بە عێلی ڕاگەیاند. 15 عێلیش تەمەنی نەوەد و هەشت ساڵ بوو و چاوەکانی لە دەستدا بوو و توانای بینینی نەبوو. 16 پیاوەکە بە عێلی گوت: «من لە بەرەی جەنگەوە هاتووم و هەر ئەمڕۆ من لە بەرەکە هەڵاتووم.»
عێلیش پرسی: «چی ڕوویدا، کوڕم؟»
17 هەواڵدەرەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵات و هەروەها بەزینێکی گەورە لەناو سوپادا ڕوویدا و هەروەها هەردوو کوڕەکەت، حۆفنی و فینەحاس کوژران، سندوقی خوداش دەستی بەسەردا گیرا.»
18 جا کە باسی سندوقی خودا کرا عێلی لەسەر کورسییەکە بەرەو دواوە کەوت بەلای دەروازەکەدا و ملی شکا و مرد، چونکە پیاوێکی پیر و قورس بوو، چل ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
19 بووکەکەی عێلی، ژنەکەی فینەحاس سکی پڕ بوو، لە مانگی خۆی بوو، کاتێک بیستی سندوقی خودا بردراوە و خەزوور و مێردەکەشی مردوون، ژانی گرت و منداڵی بوو. ژانەکەی زۆری بۆ هێنا، 20 لە سەرەمەرگدا ئەو ژنانەی بەسەرییەوە وەستابوون پێیان گوت: «مەترسە، چونکە کوڕێکت بووە.» بەڵام وەڵامی نەدایەوە و گوێی پێنەدا.
21 منداڵەکەشی ناونا ئیخاڤۆد[d] و گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا.» چونکە سندوقی خودا بردرا و لەبەر خەزوور و مێردەکەشی. 22 ئینجا گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا، چونکە سندوقی خودا بردرا.»
Footnotes
- 4:1 لە ڕووداوەکانی بەشی چوار هێشتا ساموئێل نەبووەتە کاربەدەستێک لەنێو گەلی ئیسرائیل. بڕوانە 7:3.
- 4:4 لەنێوان کەڕوبەکان: جووتێک پەیکەری بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤدایە، بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی پەیمان دانرابوو، بڕوانە دەرچوون 25:22 و عیبرانییەکان 9:5.
- 4:4 لە سەردەمی پەیمانی کۆن خودا لە شوێنی هەرەپیرۆزی پەرستگا ئامادە دەبوو، بە تایبەت سندوقی پەیمان و نێوان کەڕوبەکان وەک تەختی خودا بوون.
- 4:21 (ئیخاڤۆد) واتە شکۆمەند نییە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.