زەبوورەکان 99
Kurdi Sorani Standard
99 یەزدان پاشایەتی دەکات،
با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
با زەوی بهەژێت.
2 یەزدان مەزنە لە سییۆن،
بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
3 با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
ئەو پیرۆزە.
4 پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات.
تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
5 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
ئەو پیرۆزە.
6 موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
ئەویش وەڵامی دانەوە،
7 بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.
8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە،
خودایەکی لێبوردە بوویت و
تۆڵەسێنەر بوویت لەسەر کردەوەکانیان.
9 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
کڕنۆش بۆ چیای پیرۆزی ببەن،
چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.