پەیدابوون 16
Kurdi Sorani Standard
هاجەر و ئیسماعیل
16 سارای ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. 2 سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم بنوو، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»
ئەبرامیش بە قسەی سارای کرد. 3 ئینجا سارای ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا، ئەمەش پاش دە ساڵ بوو لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، دایە ئەبرامی مێردی هەتا ببێتە ژنی. 4 ئیتر لەگەڵ هاجەر نوست، ئەویش سکی پڕ بوو.
کاتێک کە زانی وا سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. 5 ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «ئەو سووکایەتییەی بە من دەکرێ تۆ لێی بەرپرسی. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەری نێوان من و تۆ بکات.»
6 ئەبرامیش بە سارای گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای هاجەری زەلیل کرد، ئەویش لە دەستی هەڵات.
7 ئینجا فریشتەی یەزدان هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە لە چۆڵەوانی. لەسەر ئەو کانییەی لە ڕێگای شوورە. 8 فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»
ئەویش گوتی: «لەدەست سارای خانمی خۆم ڕامکردووە.»
9 فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» 10 هەروەها فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»
11 دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:
«ئێستا سکت پڕە،
کوڕێکت دەبێت،
ناوی دەنێیت ئیسماعیل،
چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلی تۆ بوو.
12 ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی[a] لێ دێت.
دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و
دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.
بەرامبەر هەموو براکانیشی نەیار دەبێت.»
13 ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» 14 لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە[b] بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش[c] و بەرەدە.
15 ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی خۆی کە لە هاجەر بوو ناوی لێنا ئیسماعیل. 16 ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو.
Footnotes
- 16:12 مەبەستی لە سووکایەتی نییە، بەڵکو باسی ئاکاری کەرەکێوی دەکات لە بەهێزی و سەربەستی و سەربەخۆیی ژیانی.
- 16:14 لەبەر ئەوەی ئاوی کانییەکە نەما پێویست بوو کە بیرێک لێ بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئاوەکە.
- 16:14 قادێش: بڕوانە پەیدابوون 14:7.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.