زەبوورەکان 84
Kurdi Sorani Standard
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
84 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
ماڵەکەت چەند خۆشە!
2 گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە.
لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.
3 پاساری ماڵی دەست دەکەوێت و
پەڕەسێلکەش هێلانە، تەنانەت لە قوربانگای تۆدا،
بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت،
ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.
4 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن،
هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.[b]
5 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە،
ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە[c]،
6 کە بە دۆڵی فرمێسک[d] تێدەپەڕن،
دەیکەنە کانیاو،
پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.
7 لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە،
تاکو هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.
8 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت،
خودای یاقوب، گوێ شل بکە.
9 ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان،
سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت[e] بکە.
10 یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ
لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە.
ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد،
نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران.
11 چونکە یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە،
یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت،
ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.
12 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.