زەبوورەکان 8
Kurdi Sorani Standard
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a].
زەبوورێکی داود.
8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
2 بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
3 کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
4 مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
5 کەمێک لە فریشتەکانت[b] بە کەمتر دانا و
تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
6 دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
7 هەموو مەڕ و مانگاکان،
هەروەها ئاژەڵی کێوی،
8 باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
هەرچی لەناو دەریادا دەژی.
9 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.