زەبوورەکان 16
Kurdi Sorani Standard
پاڕانەوەیەکی داود.
16 ئەی خودایە، بمپارێزە،
چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.
2 بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی،
بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
3 هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،
ئەوانە شکۆدارن.
4 ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،
دەردیان زۆر دەبێت.
خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و
ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.
5 ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،
تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
6 گوریس[a] کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،
بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
7 ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،
تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
8 هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،
لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
9 بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
10 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،
هەروەها ڕێگا نادەیت ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە[b] لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
11 ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،
تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،
خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستە ڕاستی تۆدایە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.